کتێبی دیارده‌گه‌رایی تاراوگه هه‌وڵدانێکی تایبه‌تی و تاکه‌که‌سییه بۆ نووسینه‌وه‌ی شێوازێکی ژیان، که ده‌کرێ ناوی بنێین : سیسته‌می ژیانی په‌نابه‌ران. که ده‌ڵێم ئه‌م به‌رهه‌مه هه‌ولدانێکی تایبه‌تییه ، مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیم ئه‌وه‌یه، که دیدی ڕوانین و شیکردنه‌وه، دیدێکی سۆبژێکتیڤی و تایبه‌تیه. به‌ده‌ربڕینێکی دی ، زۆربه‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌م کتێبه‌دا له باره‌یانه‌وه نووسراوه، ئه‌و بابه‌تانه‌ن که من بۆ خۆم تیایاندا ژیاوم و ئه‌زموونم کردوون: که‌واته ئه‌م به‌رهه‌مه ئه‌وه‌نده‌ی که وه‌ڕووخستنی کۆمه‌ڵێ ئه‌زموونی شه‌خسییه له به‌رده‌م ڕای گشتیی‌دا ، ( ئه‌ویش به‌هۆی فێڵی نووسینه‌وه) ئه‌وه‌نده به‌رهه‌مێک نیه بۆ ئه‌وه نووسرابێت که ببێته قسه‌که‌ری ره‌سمیی گشت په‌نابه‌ران. ... هه‌روه‌کو گوتم چوارچێوه‌ی بنه‌ڕه‌تیی باسه‌کان له ئه‌زموونی تایبه‌تییه‌وه ئاوده‌خۆنه‌وه. به‌ڵام من نه‌مویستووه ئه‌زموونی ( یه‌ک که‌س، یان یه‌ک په‌نابه‌ر) بنووسمه‌وه. به‌ڵکو له‌و مانا و نادیار و نه‌بینراوانه ده‌گه‌ڕێم که شێوازی ژیانی په‌نابه‌ران ده‌بێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانیان. به زمانێکی دی، ده‌کرێ بڵێم: ئه‌گه‌ر چی ئه‌م کتێبه له دوا شیکردنه‌وه‌دا وه‌ڕووخستنی ئه‌زموونه‌کانی تاکه‌که‌سییه، به‌ڵام ئه‌زموون و بیرکردنه‌وه و ڕه‌فتاره‌کانی ئه‌و که‌سه هه‌ڵقه‌یه‌ک درووست ده‌کات، که ئه‌و هه‌ڵقه‌یه هه‌رگیز ناتوانێ به ته‌نیا و گۆشه‌گیرانه به‌ردوام بێ...
|